یونس حەمەد – ئۆسلۆ
لەمێژە ئەم گووتنه گووتراوە، ئەگەر کورد دەرفەتی ڕاستەقینەی بۆ بڕخسێت تووانای تێپەڕبوونی هەموو ئالنگەری و کۆسپەکانی هەیە، کورد به سرووشت گەلێکی کراوەیە، حەز و ئارەزووی لەپێشکەوتندا هەیە، ئەمەش وەک تاقیکردنەوەکانی مێژوویی چ تاك و یان کۆمەڵی کوردی بەرچاو دەکەوێت.
وەرزش بوارێکی گرینگی ژیانه، هەروەها بۆتە ناسین و پێناسەیەکی پڕ بەهای گەل بەگەلانی دیکەی سەر ئەم زەوەیە، بۆیە دەبینین ناوبانگی زۆر لەیاریزانان و تیپ ویانەکاندا ناو ودەنگۆیان هەموو سنوورەکانی ناوبانگیان تێپەڕاندووە.
کورد لەوەرزش ئەگەرچی بەهۆی بێ دەوڵەتیەوە مێژووەکەی زۆر دێرین نیە، بەڵام وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد ئەگەر دەرفەتی درووست بێتە پێش ئەوە دەتوانێت ئەسپی خۆی لەم بوارەدا بەزیادەوە تاوبدات. دەڤەری بەهدینان کە سەنتڕاڵ وناوەندی هەرچوار پارچەی کوردستانه، ژیان لێی وەك بلێسەیەکه بۆ ناساندن و پێگەیاندنی مرۆڤی پڕشکۆی بەهرەمەندی کورد بۆ ناوبانگی کوردستان ،تیپی دهۆك ئەنجام و جەماوەرەکەی بۆنەتە هەستێک بۆ جوولاندنی سۆزی شەقامی وەرزشی نەوەک تەنیا کوردستان ،بەڵکو لە ناوچەکەشدا، زاخۆ ئێستا ناوەکەی لەگەڵ تۆپی پێ ئاوێتەی یەکتربوونه، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی وەرزش بکات زاخۆ و جەماوەرەکەی دەناسێت، کەچۆن ( شێتانه) ڕوو له یاریگاکان دەکەن بۆ هاندانی تیپەکەیان، ئاکرێ که زیاتر بەپایتەختی نەورۆز ناسرابوو، بەڵام تیپی تۆپی پێیەکەی بوونە سیمبوول بۆ ئەم ناوچە دڵڕفێنەی کوردستان و نازناوی خولی کوردستانی بەشایستەوە بەرزکردەوە جەماوەرەکەی بەسەرما و گەرما پشتیوانیانن، بەڵێ چەند ساڵێکه تۆپێ پێ لەدەڤەری بەهدیناندا لەڕێگایەکی ڕاست و درووستدا هەنگاوەکانی دەهاوێژێت، جا بۆیە ئەم یارییە و جەماوەر و هاودارانی ئەم دەڤەرە بۆ تەواوی کوردستان بوونەتە جێگای سەرفرازی وسەربەرزی.