هێدی قەڵادزێیی ٢٠٢٥/٢/١
تکایە ئەم گاڵتە جاڕیە ڕاگرن! ….هونەری کۆمیدیای و تەنز و گۆرانی من پێم وایە ژیان خۆی سەرتاپای هونەرە، هەر لە هونەری شێوەکاری و نواندن و پەیکەرتاشی و خۆش نوسی و گۆرانی و ئاواز و هۆنراوە وە بگرە تا دەگاتە هونەری قسە کردن و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ دەورو بەردا و …. هتد. دیارە من نامەوێت وە نەدەشتوانم پێناسەی هونەر بکەم وەک خۆی، ئەوە بۆ کەسی ئەکادیمی بە جێ دەهێڵم، ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم ئەو گاڵتە چاڕی و مەهزەلەیەیە کە هەندێک لە هونەرمەندانی ناسراوی کورد لەگەڵ کەسانێک کە خۆیان بە هونەری کوردییەوە هەڵواسیوە خەریکی شێواندن و لاقە کردنی گۆرانی ڕەسەنی کوردین. لە دوای ڕاپەڕینەوە کۆمەڵێک هونەرمەند و نمایش کار لە کۆمەڵێک بەرنامەی بەناو جیاواز و یەک ناوەڕۆک، کە لە زۆربەی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەوکاتەی شارەکانی کوردستان دا خەریکی کاری نواندن و بەرنامەی کۆمیدی بوون، بەشێک لە بەرنامەکان کاری جوان بوون و لە ڕێگەی هونەری کۆمیدی و تەنزەوە لە چەند بڕگەیەکی بەرنامەکانیان دەستیان دەخستە سەر کۆمەڵێک دیاردەی ناشیرینی ناو کۆمەڵگا بۆ بنبڕ کردنیان کە جێگەی دەست خۆشی بوون وە لە هەمان کاتدا هەندێ بەرنامە تر هەبوو زۆر کرچ و کاڵ بوو کە نەک هەر کۆمیدی نەبوون بەڵکو مایەی نیگەرانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان برگەیەکی بەرنامەکەیان کە تا ئێستاش بەردەوامە و ماوە ماوە لەم کەناڵ و ئەو کەناڵ لە ڕێگەی گۆرانیەوە تەنز و ڕەخنە دەگرن، من نامەوێت لەم کاتەدا قسە لەسەر ڕەخنەو تەنزەکانیان بکەم کە ئایا ڕەخنە و تەنزەکانیان تا چەند ڕەوایە و لە جێی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی کە دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم ئەوەیە کە هەندێک نمایشکار بەپاڵپشتی کەناڵێکی ئاسمانی زەبەلاحی وەک (کوردسات) بە بەرنامە یان بە نەزانی خۆیان لە هەر بەرنامەیەکی کۆمیدی و تەنز ئامێزدا، جوانترین و پڕ چێژترین ئاوازی ڕەسەنی کوردی دەهێنن و هۆنراووکەی دەگۆڕن و بەکۆمەڵێک دەسکاری و وشەی سەیر و سەمەرە بەناوی ڕەخنە و تەنز، لێک دەدەن و گۆرانیەکە سەرلەبەری تێک دەدەن و وێرانی دەکەن. ئەگەر ئەو بەناو هونەرمەندانە بە بەرنامە کار بۆ تێکدانی گۆرانی ڕەسەنی کوردی دەکەن ئەوا دەبێت بە توندترین شێوە سزا بدرێن، خۆ ئەگەر لە نەزانییەوەیە ئەوە ماڵوێرانییە، ئاخر چۆن دەکرێ نوخبەیەکی بە ناو ڕۆشنبیر! و هونەرمەند ! هێندە نەزان و نەفام بن، تێنەگەن کە شیواندنی گۆرانی ڕەسەنی کوردی، شێواندی بەشێک لە مێژوی هونەری گەلەکەمانە و کار لە سەر گوێگر دەکات کە لە گۆڕانی ڕەسەنی کوردی بتۆرێت. بەڕاستی کارەساتە بە ناوی کۆمیدیا و تەنزەوە بێی هەرچی گۆرانی ڕەسەنی کوردی هەیە لاقەی بکەی! و هۆنراوەکەی لێ لابدەی و بیکەی بە تەنز و کۆمیدی. گەر کەناڵی (کورد سات) یاخود هەر کەناڵێکی تر دەیەوێ درێژە بەو جۆرە بەرنامانە بدات و لە ڕێگەی گۆرانیەوە تەنز و ڕەخنەکانیان لە سەر هەر بابەتێک کە خۆیان مەبەستانە بە بینەرەکانیان بگەیەنن دەکرێت گرێ بەستێک لە گەڵ ئاواز دانەرێک ببەستێ هەر وەک چۆن لەگەڵ ئەو (شایەرانە) دا بەستویەتی، هەر کاتێک ویستی دەتوانێ داوای لێ بکا کە ئاوازێکی سەرنج ڕاکێش بۆ بابەتە تەنز ئامێز و ڕەخنەکانی ئامادە بکا و ئەو کات هەم خزمەت بە هونەر دەکا و هەم ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی کوردی لەو گاڵتەجاڕیەی ئێستا ڕزگاری دەبێ و دەپارێزرێ. بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەرخەت و بەزوترین کات سنورێک بۆ ئەو کارە قێزەونە، ناشیرنە، بێ نرخە، پڕ گاڵتەجاڕیە دابنێن و چیتر ڕێگە نەدەن مێژوی هونەری ڕەسەنی کوردی بشێوێن.