غازی حەسەن – ئەمریکا
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ و هێرشی ڕوسیا بەمەبەستی داگیرکردنی ئۆکرەین، ئەم وڵاتە جاری یەکەم نییە جەنگ و کوشتاریان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لەسەردەمی ستالینیش جەنگی خوێناوی گەورەیان لەنێواندا ڕوویداوە. (گرانی سوور) بەهۆی نەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئۆکرەین مردن. سەرۆکی وڵات (بوتین) ناوە ناوە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی (ئەتۆمی) دەکات. ئەم هەڕەشەیەش بەردەوامە وەکو فشار و ترساندن و سنووردار کردنی ئەمەریکا و ئەوروپا لە هاوکاری سەربازی ئۆکرەین بەکارهێنراوە. گوتاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی سەرەتا بە جدی وەرگیرا، دواتر گۆڕا.
لەم ڕۆژانە و لەناوەڕاستی مانگی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ (جۆ بایدن) دەسەڵاتی بە ئۆکرەین دا موشەک بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لەنێو خاکی ڕوسیا بەکار بهێنێت. ئەمە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت:
لەنێوەخۆی ئەمەریکا پێیان وایە (بایدن) بەم بڕیارەی قووڕێکی خەستی بۆ (ترەمپ) گرتەوە و ئاسان نابێت، بیرۆکەی ڕێککەوتن دژی ئۆکرەین لەگەڵ (بۆتین) جێبەجێ بکات. واتە بڕیارەکە دەبەستنەوە بە ناکۆکی و ململانێی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان و ڕووبەڕووبنەوەی، ئاڵؤزکردنی دۆخەکە و لە قووڕ چەقاندنی بیرۆکەکانی (ترەمپ) لە چۆنیەتی چارسەرکردنی کێشەی ئۆکرەین.
دووەم لەئاستی دەرەکییە، ئەمەریکا ئەمە دەبەستێتەوە بە بەشداری ئەم دواییانەی سوپای کۆریای باکور و هاوکاری ڕوسیا لەدژی ئۆکرەین. واتە چۆن لایەنی دەرەکی بە سوپا هاوکاری ڕوسیا دەکەن، ئەمەریکاش بەهەمان شێوە بڕیاری دا موشەک لە دژی ئامانجەکانی ڕوسیا لەنێو خاکی ئەم وڵاتە بەکاربهێنرێت. بەمەش ناکۆییەکان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدارتر.
بەرپرسانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایانگەیاند ئایا بەم هەنگاوەی ڕوسیا و هەڕەشەکانی “ئەمەریکا پێویستی بە پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی بڕیارێکی نوێ دەبێت لەپێناو بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی؟”. بەتایبەت دوای ئەوەی ڕوسیا (موشەکی دەنگبڕی) لە ئۆکرین بەکارهێنا. (کارین جان) بەناوی کۆشکی سپی دەڵێت “دوو ساڵە ڕوسیا گوتارێکی نابەرپرسانە بەکار دەهێنێت”. ڕوسیا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئۆکرەین دەکات. ڕوسیاش ئەمەریکا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ڕێگەی بە سوپای ئۆکرەین داوە، نێو خاکی ڕوسیا موشەکباران بکات. لەکردەوەدا ئەوەی ڕوسیا بانگەشەی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی بۆ دەکات لە سەرەتای جەنگەوە هەیە، بڕیار و هاوکارییەکەی ئەمەریکاش تەنیا چەند هەفتەیەکە.
هەموو دونیا بە نیگەرانی و ترسەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەڕوانن، پێ دەچێت ئەوروپا بەهۆی گەڕانەوەی (ترەمپ) بۆ دەسەڵات ترسیان گەیشتبێت، کە وەکو خووڵی یەکەم پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوروپا بەرەو خراپی بباتەوە. لەهەمان کاتدا بەئاشکرا نایشارێتەوە کە سەرسامی (بۆتین)ە و مەیلی بۆ تێگەیشتن لە چارەسەرکردنی شەڕ لە ئۆکرەین لەگەڵ ڕوسیا گەلێک بەهێزە.
هۆکاری دووەمی نیگەرانییەکانیان (بەشداری کۆریای باکوورە لەم جەنگە و هاوکاری سوپای ڕوسیا دەکات)، دوای ئەوەش بڕیارەکەی ئەمەریکایە وەکو کاردانەوە دژی ئەم هاوکارییە سەربازییەی لەنێوان ڕوسیا و کۆریا باکوور هەیە، وایکردووە دەسەڵات بە سوپای ئۆکرەین بدات هێرشی موشەکی دژی ئامانجە روسییەکان لەنێو خاکی ئەم وڵاتە ئەنجام بدات.
ئەمەریکا هێشتا بیری لە گۆڕین و دەستکاری بەرنامە و سیستەمی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی نەکردۆتەوە و پێیان وایە هێشتا زووە بۆ دەستکاری و پێداچوونەوەی (بیرۆکە و چۆنیەتی و پێدانی دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی)، دوای ئەوەی ڕوسیا (موشەکی دەنگبڕ)یشی بەکارهێنا و بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و کۆڕیاش ڕاستەوخۆ هاتۆتە نێو کێشەکانەوە. ڕوسیا تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ ئەمەریکا، گوایە (نیشانە و هێماکانی بەجیهانیبوونی جەنگەکە لەئارا دایە).
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە ئەوان لەگەڵ فراوانبوونی کێشەکان نین، بەڵام ئیدارەی (بایدن) کە ماوە بەسەرچووە بەردەوام دەبێت لە هاوکاری سەربازی ئۆکرەین و ڕوسیا بەهۆکار و سەرچاوەی گەشەکردن و فروانبوونی پتری کێشە و قەیرانەکان دەزانێت. ئەمەریکا بەنیگەرانیی و ترسێکی زۆرەوە چاودێری گوتارە مەترسیدارەکانی مۆسکۆ دەکەن.
قەیرانەکان و کێشەکان بەرەو تووندی پتر دەچن، هەمووو جیهان دوای بردنەوەی (دۆنالد ترەمپ) چاوەڕوانی شتە نەبیسترا و نەکراوەکانی سەرۆکی نوێی ئەمەریکان، کە بەوە ناسراوە لە ناکاو و بێ مەزەندە و پێشینە بڕیار دەدات، کەسێکە بۆ ناوەندەکانی بڕیار ناگەڕێتەوە و حەز لەوە دەکات خۆی خودانی شتەکان بێت و ڕاوێژکارەکانی نابنە سەرچاوە بۆ بڕیارەکانی.
پێ دەچیت پێش ئاشتی و ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بەجەنگ روسیا بیەوێت ئەوەی دەتوانێت بیکات و دەستکەوتی دیکە لە جەنگ بەدەست بهێنێت و ئەمەریکاش هاوکاری سوپاسی ئۆکرەین دەبێت، بۆ ئەوەی دەسەڵات و هێز بۆ ئکرەین پەیدا بکات، واتە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان هەم (فشارە بۆ زەمینەسازیی لەپێناو ئاشتی) و هەم (بەدەستهێنانی دەستکەوتی سەربازییە).