غازی حەسەن
با لەوە دەست پێبکەم، کێ هەژارە؟ ئایا هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەژاری گەدە و هەژاری عەقڵ هەیە؟ یان هەژاری لە گوتن و دەربڕین، چ جیاوازییەکەی لەگەڵ هەژاری لە بدەبەرێ هەیە؟. (د. محەمەد خانی) دەڵێت: ڕێگه به خۆت بدهیت چیت دهوێت بیڵێیت و چهندت دهوێ قسه بكهیت، بهڵام گوێ بۆ خهڵكى نهگریت و ڕێگه به خهڵكى نهدهیت به چپهش قسه بكات! دهم له دیموكراسى بژهنیت, کەچی له ماڵهوه منداڵهكهشت نهوێرێت فزه بكا! ههژاریى ئهوهیه كه: داواى عهدالهت له دهسهڵات بكهیت, کەچی خۆشت له ماڵ و له شوێنى كارهكهت عادل نهبیت! ئەمە رێک واقیع و هەقیقەتی هەندێک نیشان دەدات.
لای من هەژاری لە عەقڵ، زۆر خراپترە لە هەژاری گەدە، فکرت کوون بێت، زۆر لە کونبوونی گیرفان خراپترە. هەژاری لەوە دایە (بەردەوام و بەدەنگی بەرز و زەق و ڕاستەوخۆ دژایەتی شتێکی دیارکراو بکەیت و ڕیسوا و ناشیرنی بکەیت، کەچی ناڕاستەوخۆش خۆت بۆ هەمان شت و خواست بەکوشتن بدەی، دەستبەرداری هەموو شتێک بیت، تەنیا کەرامەت و کەسایەتی خۆشت بکەیتە قوربانی گەیشتن بە دەسەڵات). لە هەمووشتێک هەژارتر ئەوەیە هەموو کەس بەگەمەژە بزانیت و خۆشت بە فەیلەسووف و زانا حیساب بکەیت، کەچی دەسەڵات و هێز و توانا و عەقڵی چاککردنەوەی تەنەکەیێکی کونکراوت نەبێت.
دەسەڵات وای لێکراوە و پێناسە دەکرێت زاراوەیەکی بێزارکەرە و بەیەکێک لە دەستەواژە داڕزێنراوەکانی ئەم چەند ساڵەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەوانەی خۆیان لەسەرەوەی عەقڵ و بێلایەنیی و شارەزا لەهەموو کارێک و سیاسەتێک دەبینن، دەڵێ چەقۆی تیکراوەن دژی دەسەڵات، کەچی بۆ گەیشتنە چێژی دەسەڵات خۆیان بەکوشت دەدەن. ڕەنگە ئەم کەسە سیاسیش نەبێت، بەڵام مادام سیاسەت بێ باج و ئاسان و هەرزان و بێ ترسە ئەویش دەتوانێت لە جیاتی ئەسپ کەری خۆی زین بکات و تاو تاوێک دروست بکات، نەبێتەوە.
ئەوەی دەسەڵات پووچ نیشان دەدات، دوور نییە ئاڕاستەیەکی قورمیشکراوی بێت بۆ داوەشاندنی دەسەڵات و حووکمڕانی لە هەرێم، هەندێک دەیانەوێت هەموو دەستەواژە گرنگەکانی کۆمەڵگە و سیاسەت ئاوەڕووت بکەن و بەها و هێز و بایەخەکانی نەهێلن. هەندێک ڕۆژانە لە شۆشیال میدیا پووچگەرایی و داتەپاندنی بەها گرنگەکان وەکو رەفتار و پیشەی خۆیان دەردەبڕن. هەیانە پێی وایە ئازایەتی لەوەیە (قسە بەهەموو شێوەیەک بەناوی بێلایەنبوون دژی دەسەڵات بکەن)، کەچی خۆیان لە گەندەڵکارە هەر دیارەکانی کۆمەڵگە بن. لای من بێلایەنبوون جۆرێکە لە خیانەتی فکری، چونکە هیچ مرۆڤێک نادۆزیتەوە، قسەکانی لە فکرێک سەرچاوەی نەگرتبێت، ئەگەر نا دەبێت وەکو شێت و نزمە دەماغ سەیر بکرێن. لای من هیچ کەسێک بێلایەن نییە لە ئاخاوتن و گوتار.
مۆدێلێکی سەیر لە کوردستان هەیە، هەموو ئەوانەی سیاسەت دەکەن، دەیانەوێت وا پێناسەی دەسەڵات بکەن، کە بوونێکی خراپ، ناشیرین، بۆگەنە، لەهەمان کاتدا خۆشیان کار دەکەن بەهەر شێوە و نرخێك بێت، بگەنە ئەم دەسەڵاتە و وێنەیەکی لەگەڵ بگرن، یان خۆیان دەسەڵاتێک لەسەر هەمان گووفەک و زەمینە دروست بکەن، کە خۆیان وەکو دەسەڵاتێک و ژینگەیەکی سەرکوتکاری تۆقینەر و توندوتیژ وەسفی دەکەن. لە هەڵگیڕانەوەی شتەکان وەستایانە دەئاخڤن. هەندێکیان لەدەسەڵات نین و سوودمەندی دەسەڵات نەبوون، هێرسەکانیان بۆ ئەوەیە سوودمند بن، هەشیانە بەکردەوە لەنێو دەسەڵاتە و نووکە خۆیان بە سوودمەندی لاوەکی و پەڕاوێزخراو و بەستەزمان وەسف دەکەن، ئەمانە وەکو منداڵێکی لاسار بە دارلاستیک دەکەونە ڕواکردن و کوشتنی دەسەڵات، هەندێک جار هەر بەکوشتنی دەسەڵات دڵیان ئاو ناخواتەوە، هێلانەکەش وێران دەکەن.
ئێمە بە هەڵە لە پێناسەی دەسەڵات و حووکمڕانی گەیشتوین، لەکاتێکدا ڕەفتار و ڕەوشت و گوتار و زمانی لایەنە سیاسییەکان پێناسەیەکی نەرینی بۆ دەسەڵات دروست دەکات. ئەوانەی لەدەسەڵاتن بە ڕەفتارەکانیان دەسەڵات باش، یان خراپ نیشان دەدەن و ئەوانەی لە دژی دەسەڵاتن و دەیانەوێت بچنە نێو دەسەڵات، یان تەنیا خۆیان وەکو خودان و تاکە هێزی دەسەڵاتێکی باش و چاک و پێشکەوتوو، دادپەروەر، هاوسەنگ، خزمەتگوزار دادەنێن، لەکردەوەدا هەژارن لە عەقڵ و کورتبینی لە بیرکردنەوە و نەزانن لە ناساندن و تێگەیاندنی بەرانبەر و گوێگرەکانیان و لە بنەڕەتدا ئەوانە هێندەی دژی دەسەڵات بە (هۆکار و بێ هۆکار) ئاخاوتن و لێدوان دەدەن، چارەگێکی ئەم توانایە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی دەسەڵات تەرخان ناکەن.
هێندە هەژارن هێندە قسە لەسەر ئەوانی دیکە دەکەن و گوێ لە قسەی کەس ناگرن، ئەگەر خۆشیان باشترین دەسەڵات پێکبهێنن، وایان لە خەڵک و گروپە تووڕەکان و دەوروبەری خودی خۆیان کردووە، دەسەڵات واتە سەرکوت و ڕەتکراوە و ناشیرن و خۆسەپێن، وایان لەخەڵک کردووە دەسەڵاتبوونەوەرێکی دڕندە و تۆقینەر و پڕاو پڕ لە گەندەڵی و ستەم و نادادپەروەرییە.
خودی دەسەڵات وەکو دامەزراوە سەرچاوەی ئاژاوە لەبیرکردنەوە نییە، بەڵکو ئەوەی ئەم ئاژاوە و تێکشکان و فرویدان و پاشکۆبوون و دوژمنایەتی و پووکانەوە دروست دەکات گوتاری کۆنترۆڵکراوی حزبەکان و ڕەفتار و ڕەوشتی سیاسی و تێفکرین و بێ فکری و هەژاری ئەو گروپ و لایەنانەیە، کە دەیانەوێت هەمووشتێک بەهیچ پێناسە بکەن.
هەمیشە ئەو پرسیارە جدییە لەخۆم دەکەم، ئەوانەی دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نەمێنێت، دەبێت لەچ ئاستێکی هەژاری عەقڵی و تێفکرین و بیرکردنەوە بن، کە جیاوازی لەنێوان تێکدانی هەرێم و لە دەسەڵات دوورخستنەوەی حزبێک ناکەن؟ ئایا ئەلتەرناتیڤیان چییە؟ کۆتایی بەدەسەڵات دەهێنن و دەچنە بەهەشتی عێراق و هەموو شتێک کۆتایی دێت و لوێ لەسر رووباری هەنگووین و شەرب دەلەوەڕێن، یان وەکو دەڵێن دەسەڵات لادەبەن و خۆیان دەسەڵاتێکی جیاواز دروست دەکەن. ئەگەر ئەوەی دووەمیان کرد، ئەو گاڤەی خۆیان دەبنە دەسەڵات و چ جۆرە دەسەڵاتێک دروست دەکەن؟ ئایا ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن و خۆیانی بۆ بەکوشت دەدەن، لە کوێ و چۆن و بە چ شێوە و شێوازێک باشتر و باڵاتر و بەهێزتر دەبێت؟.
هەندێک لایەن و گروپ نەخۆشی دەسەڵاتن، لەبەر دژایەتی دەسەڵات وەکو دامەزراوە، نەک کردار و ڕەفتاری سیاسی، بەردەوم دەئاخڤن و خەڵک پف دەدەن. هێندە هەژارن لە بڕیار و بیرکردنەوە، یارییە سیاسییەکانیان کتومت لە کەسێک دەچێت قاچەکانی لەدەست دابێت و شێتی گێمێک یاری تۆپی پێش بێت.