غازی حەسەن – ئەمریکا
ئاساییە تاکی کوردی خودانی هزر و شڕۆڤە و تێڕوانینی سیاسی و فکری جیاواز بن، هەر کوردێک بەناچاریش بێت بەسەریدا سەپێنراوە تایبەتمەندی ئەم دابەشبوونە بەسەر کەلتووری عەرەب و فارس و تورک بپارێزێت، یان پاڵپشتی لە حزبی سیاسی جیاواز بکات، بەڵام ئاسایی نییە وەکو نەتەوە خودانی یەکگوتاری هاوبەشی سیاسی و ڕۆشنبیریی لە تاراوگە نەبێت.
ئەو نەخۆشی دابەشبوونە کاریگەریی سلبی لەسەر کەسایەتی تاک، بیرکردنەوەی هاووڵاتی کورد هەبووە، هەر گاڤێک بخوازین کورد بهەڤرا و بەشێوەیەکی دینامیکی و دوور لەم کاریگەرییانە بەشداری پێکهێنانی گوتارێکی هاوبەش و هاوسەنگ لەنێوان کوردی هەرچوار پارچە بکات، تووشی ژمارەیەک کێشە و کەنگەشە و ئاریشەی ئاڵۆز دەبین لەوانە:
کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای حزبی، زمانی ئاخاوتن و دیالکتییەکان، کاریگەریی کەلتووری نەتەوە سەردەستەکان، کەلتووری جیاوازی ئەو وڵاتانەی لە تاراوگە تێیدا دەژین، سەرباری لاوازی کورد لە بواری ئابووری و بەرهەمهێنان، لاوازیی لە بەشداری بوارە ئیداریی و سیاسییەکان، ئینجا خوۆیستی تاک وەکو نەخۆشییەکی دەروونی و هەندێک جاریش نەخۆشییەکانی ناو کوردستان دەگوازنەوە دەرەوە.
بۆیە بۆ ئەوەی گوتارێکی یەکگرتوومان لە تاراوگە هەبێت پێویستە بەشێک لەو نەخۆشیانە بەلاوە بنێین و بە عەقڵیەت و ئیمانێکی جیاواز لەوەی بەسەرماندا سەپێراوە هەڵسوکەوت بکەین. بۆ ئەوەی یەک کەسایەتیمان هەبێت و بایەخ بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەنێوان خۆمان وەکو رەوەندی کوردی لە تاراوگە بدەین، هەندێک بۆ ئەوەی نیشانی بدەن، کە تێکەڵی کەلتووری نەتەوە و وڵاتە تازەکان لە تاراوگە بوون، بە زمانی دووەم (بیانی) لەنێو خانەوادەکانیان دەئاخڤن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکارێکی دیکە و بەشێک لەلاوازبوون و ونداکردنی ناسنامەی نەتەوەییمان.
گوتاری یەکگرتوو پێویستی بە زمانێکی یەکگرتوو، بایەخدان بە زمان زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی ناسنامە و خۆدۆزینەوە وەکو نیشانەیەکی کەلتووری. نەتەوەکانی دیکە چەندە بەهێزن و دەوڵەت و یەکگوتاریشیان لە بواری (نەتەوەیی و ئایینی) هەیە، کەچی واز لە زمانی دایک ناهێنن، ئەمەش بریتییە لە واز نەهێنان لە (هەست و ئینتما و پاراستانی ناسنامەی نەتەوەیی).