شەممە, نیسان 12, 2025
spot_img
سەرەکیکوردستانزمانێکی یەکگرتوو!

زمانێکی یەکگرتوو!

هێدی قەڵادزەیی

ئۆتاوا – کەنەدا

گەر خۆشمان ناتوانین یەکگرتوو بین با لانی کەم زمانێکی یەکگرتوومان هەبێت.

لە ڕۆژی جیهانی (زمانی دایک) دا، بە ئومێدی زمانێکی یەکگرتووی کوردی پاراو.

زمان شوناسی نەتەوەییە، وێڕای بوونی ئازادی لە کوردستان کەچی ئێستا لە هەموو کات زیاتر مەترسی لەسەر شوناسی نەتەوەییمان هەیە، جاران تەنها دوژمنانی کورد هەوڵی لەناو بردنی (زمانی کوردی) یان دەدا بەڵام بەداخەوە ئێستا جگە لە دوژمنانی کورد، بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران! و نوسەران و پێنوس بەدەستان و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوس و میدیای کوردی. زمانی کوردیان وێران کردووە و زۆر ناشیانە خەریکی ئەتکردنی زمانی شیرینی کوردین، ئەوە جگە لەوەی کە زۆر بەی (دایانگە و قوتابخانە و زانکۆ ناحکومیەکان) وانەی کوردیان تێدا ناخوێنرێت یان ئەگەر بخوێنرێت وانەیەکی لاوەکیە.

ماوەیەکی زۆرە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە گشتی و لە ناو چینی ڕۆشنبیر ! بە تایبەتی تێگەیشتنێک دروست بووە کە چەند زیاتر وشەی بییانی لە نوسین و ئاخاوتندا بەکار بھێنی ئەوەندە ڕۆشنبیر تر دەردەکەوی بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە،

ئەوەتا لە ھەموو جیھان سەرجەم نەتەوەکان بەردەوام لە ھەوڵی پارستن و پەرە پێدانی زمان و کەلتوری خۆیان دان کەچی کوردەکەی خۆمان جگە لەوەی دوژمنەکانی بەردەوام و بە بەرنامە لە ھەوڵی لە ناوبردنی زمان و کەلتوور و نەتەوەکەی دایە، ڕۆشنبیرەکانیشی ! بێ ئاگا و بۆ (پۆز لێدان) وشەی بیانی بەکار دەهێنن و دەبنە ھاوکار و جێ بەجێکاری بەرنامەی دوژمنانی کورد و بەدەستی خۆیان وا خەریکن زمان و کەلتوور و پیرۆزیەکانمان ویران دەکەن.

ئەوەی جێگەی داخە ناهۆشیاری کۆمەڵگە گەیشتۆتە ئاستێک خێزانی کورد لە کوردستان شانازی بە منداڵەکەیەوە دەکات کە بە زمانی بیانی قسە دەکات کەچی زمانی کوردی نازانێت، قوتابی هەیە گەیشتۆتە قۆناغی زانکۆ دوو ڕستەی کوردی نازانێ، کە ئەوە کارەساتە.

کاتی ئەوە هاتووە حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکان خەمێک لە زمانی کوردی بخۆن و گرنگیەکی زۆر بەو بابەتە بدەن لە ( دایانگەوە تا دوا قوناغەکانی خوێندن کە زانکۆیە) لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا وانەی ڕێزمانی کوردی و هونەر و مێژووی کوردستان ببێتە وانەی زۆرەملێ و بابەتی بنەڕەتی.

هەروەها هیوادارم دایکان و باوکان لە کوردستان بەگشتی و کوردانی تاراوگە بەتایبەتی هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن بەرامبەر بە منداڵەکانیان و کارێک نەکەن کە منداڵەکانیان زمانی دایکیان (زمانی شیرینی کوردی) لەدەست بدەن.

 

 

سەرنج و تێبینی

هیڤییە کومێنتا خۆ بنڤیسە
ناڤ

پێنگاڤ
پێنگاڤhttps://www.stepmagazine.org
گـۆڤـارەکـا سـەربـەخـۆ گـشـتیـیـە، ل وەلاتـێ کـەنەدا دەردکـەڤـیـت.
بابەتێن پەیوەندیدار
- Advertisment -spot_img

نویترین